روانگەی سەوزی عێراقی (IGO) راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و هۆشداری دەدات لە کاریگەری ژینگەیی دەدات بەهۆی ئەو تەقەمەنیانەی لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەکار هاتوون و داوا دەکات چاودێرییەکی توند بخرێتە سەر ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، بەتایبەت میوە و سەوزەکان.
یەک شەممە، ١٩ نیسان ٢٠٢٦، بە پێی راپۆرتەکە "پاشماوەی ئەو چەکانەی لە هێرشەکاندا بەکارهاتوون دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا و خاک، بەهۆی نادیاریی جۆری ئەو تەقەمەنییانە و نەبوونی شەفافیەت لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، هەڵسەنگاندنی ئاستی مەترسییەکان قورس بووە، مادە مەترسیدارەکان لەڕێگای باوە دەتوانن بۆ ناو خاکی عێراق بگوازرێنەوە".
سەبارەت بە ئاو، روانگەی سەوزی عێراق ئاشکرای دەکات "بەو پێیەی ناوچە شاخاوییەکانی رۆژئاوای ئێران سەرچاوەی چەندین رووباری هاوبەشن کە دەڕژێنە نێو خاکی عێراق، باران و لافاوە بەهێزەکانی ئەم دواییە دەبنە هۆی گواستنەوەی تەنۆلکە پیسبووەکان بۆ ناو سەرچاوەکانی ئاو و زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق".
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا رێکخراوەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات "لێکۆڵینەوە لە جۆری ئەو چەکانە بکەن کە لە ناوچەکەدا بەکارهاتوون و سیستمی چاودێریی ژینگەیی بەهێزتر بکەن، جەختیش دەکاتەوە بەبێ هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی، لێکەوتە تەندروستی و ژینگەییەکان لەسەر مرۆڤ و سروشت یەکجار گەورە دەبن".