حزبی دەعوەی ئیسلامی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە کشانەوەی نوری مالیکی دەکەن لە بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی نوێی عێراق و دەڵێت " نوری مالیكی تا "ئەم ساتە، بە هیچ شێوەیەك لە كاندیدبوونی خۆی بۆ ئەو پۆستە پاشەكشەی نەكردووە.
یەک شەممە، ١٩ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە پێنج خاڵی بنەڕەتی کراوە كە بەربژێربوونی نوری مالیكی "بڕیارێكی دامەزراوەییە و تەنیا لە رێگەی میكانیزمە فەرمییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەكرێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت".
حزبی دەعوەی ئیسلامی، سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو ئەم خاڵانەی خستۆتە روو:
١- نوری مالیكی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەم بەربژێربوونە كە لە ٢٤ ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە فەرمی راگەیەنرا، تاوەكو ئێستا وەك خۆی ماوەتەوە و هیچ بڕیارێك بۆ كشانەوەی نەدراوە.
٢- نوری مالیكی تاوەكو ئەم ساتە، بە هیچ شێوەیەك لە بەربژێربونی خۆی بۆ ئەو پۆستە پاشەكشەی نەكردووە.
٣-بڕیاری كشانەوەی بەربژێر، تەنیا لە دەسەڵاتی ئەو لایەنەدایە كە كاندیدی كردووە، هەر گۆڕانكارییەكیش دەبێت بە پێی هەمان ئەو میكانیزمە بێت كە پڕۆسەی بەربژێربوونەکەی پێ ئەنجامدراوە، كە ئەویش بنەمای "زۆرینە"یە.
٤- سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە رەت دەكرێنەوە كە باس لە هەبوونی بەربژێربوونی جێگرەوە لە جیاتی نووری مالیكی دەكەن و هیچ بنەمایەكی راستییان نییە.
٥- پێویستە جیاوازی بكرێت لە نێوان ئەوەی كە نوری مالیكی كەسێك لە نێوان چەند ناوێكی دیاریكراودا پەسەند بكات، یان ئەوەی كە پابەند بێت بەو بڕیارەی كە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەربژێربوونی داویەتی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ نووسینگەی نووری مالیکی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کاندیدی فەرمی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆک وەزیران "نەگۆڕدراوە".
نوری مالیکی سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامیە.