باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند'' زانیارییان پێگەیشتووە کە گرووپە چەکدارەکان پلان بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ دادەنێن.''
بەپێی هۆشدارییەکە، ئەم هێرشانە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، ئەمەش وایکردووە ئاستی مەترسییەکان بۆ بەرزترین پلە بەرزبێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە شێوەیەکی بڕاوە داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریکی کراوە کە "بە هیچ شێوەیەک" گەشت بۆ عێراق نەکەن. ئەم بڕیارە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بەپەلە دێت بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانیان لە هەر کردەوەیەکی سەربازی یان توندوتیژییەک کە ئەگەری ڕوودانی لە ئارادایە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر، داوایان لە هاوڵاتیانی خۆیان کردووە کە بە هیچ مەبەستێک سەردانی باڵەخانەی نوێنەرایەتییەکان نەکەن. ئاماژە بەوە دراوە کە بۆ ڕاییکردنی هەر کارێکی زۆر پێویست و بەپەلە، تەنها ڕێگەی پەیوەندیگرتن "ئیمەیڵ" دەبێت و پێشوازی لە چوونە ناوەوەی هیچ کەسێک ناکرێت.
ئەم هۆشدارییە توندە نیشانەی تێکچوونی دۆخی ئەمنییە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتن هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان بە جدی وەردەگرێت. بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە لەم کاتەدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر بنکە و نێردە دیپلۆماسییەکان.