ئەنجومەنی ڕاژە داوای تەرخانکردنی ٨٣ هەزار پلەی وەزیفی لە بودجەی ٢٠٢٦دا دەکات

محی مورتەزا قەزوێنی، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی، ڕایگەیاند'' بە فەرمی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانیان ئاگادار کردووەتەوە بۆ تەرخانکردنی ٨٣ هەزار پلەی وەزیفی لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٦دا.''

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کار بۆ توێژە جیاوازەکانی دەرچووان.

فازڵ غەراوی، وتەبێژی ئەنجومەنەکە، ڕوونی کردەوە کە ئەم پلە وەزیفییانە چەندین توێژی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە, یەکەمەکانی سەر زانکۆکان، هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان، کەسوکاری شەهیدان، و دەرچووە کۆنەکان. هەروەها پشکی تایبەت بۆ کەمینەکان تەرخان کراوە، لە نێویاندا پێکهاتەکانی کاکەیی، ئێزیدی و نەتەوەکانی دیکە، لەگەڵ گرنگیدان بە دەرچووانی بەشە ئەندازیارییەکان.

ئەنجومەنی ڕاژە جەختی کردەوە کە تەواوی ئامادەکارییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە تەواو کردووە. لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە، کار بۆ ئەوە دەکرێت پڕۆسەکە بە "شەفافیەت و دادپەروەری" بەڕێوە بچێت و دوور بێت لە هەر دەستوەردانێکی سیاسی یان نایاسایی، تەنیا پشت بە سیستەمی خاڵبەندی و شایستەیی دەبەسترێت.


ئەم بڕیارە دوای ماوەیەکی درێژ لە سستیی پڕۆسەی دامەزراندن دێت کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە. ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کار لەگەڵ پەرلەمان و وەزارەتەکان دەکەن بۆ ئەوەی دابەشکردنی پلەکان بەپێی پێداویستی ڕاستەقینەی بازاڕی کار بێت، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کارایی دەزگاکانی دەوڵەت و چەسپاندنی حوکمڕانیی ڕەشید.



PM:03:01:20/04/2026