ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٦، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، وردەکاریی سەردانەکەی بۆ پایتەختی عێراق ئاشکرا کرد. قائانی ڕایگەیاند'' مەبەستی سەرەکیی سەردانەکەی گەیاندنی پەیامی سوپاس و پێزانینی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە بۆ گەل، مەرجەعییەتی باڵا و بەرپرسانی عێراق، لەپای ئەو هاوسۆزی و هاوڕێیەتییەی نیشانی تاران دراوە.''
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، فەرماندەی فەیلەقی قودس جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرسە تەنیا پەیوەندی بە عێراقییەکان خۆیانەوە هەیە. قائانی وتی: "پێکهێنانی حکوومەت مافی ڕەوای عێراقییەکانە"، و ئاماژەی بەوە دا کە عێراق خاوەن سەروەرییە و پێگەکەی لەوە گەورەترە لایەنی دەرەکی بڕیاری بۆ بدەن.
قائانی لە پەیامەکەیدا هۆشداریی دایە ئەو لایەنانەی کە بە "تاوانبارانی دژ بە مرۆڤایەتی" وەسفی کردن و دەڵێت'' ڕێگە نادەن ئەو جۆرە لایەنانە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراقدا بکەن.''
هەرچەندە ناوی هیچ وڵاتێکی بە ڕاشکاوی نەهێنا، بەڵام جەختی کردەوە کە نابێت هیچ هێزێکی دەرەکی کاریگەری لەسەر بڕیارە نێوخۆییەکان هەبێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، ئیسماعیل قائانی دووپاتی کردەوە کە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، تەنیا و تەنیا لەسەر بنەمای بڕیار و ویستی گەلی عێراق ئەنجام دەدرێت. ئەم لێدوانانەی قائانی لە کاتێکدایە کە عێراق لە قۆناغێکی هەستیاری سیاسیی دایە و ململانێی لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوامە.