کەتیبەکانی سید الشهداء بۆ ئەمریکا: شکۆی نیشتمانی ناکڕدرێت و وەلائی ڕاستەقینە نافرۆشرێت

کەتیبەکانی (سید الشهداو) کە خۆیان وەک بەشێک لە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، کاردانەوەی توندیان بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکا نیشاندا. 

ئەم گرووپە ڕایانگەیاند” ئەو پاداشتە (١٠ ملیۆن) دۆلارییەی واشنتن بۆ زانیاری لەسەر (ئەبو ئالای وەەلائی) فەرماندەی گروپەکەیان دیاری کردووە، هیچ نرخێکی نییە و ناتوانێت پێگەی سەرکردەکانیان لاواز بکات.” 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەو سەرکردانەی پێگەی خۆیان لەناو ویژدانی گەلدا دروست کردووە، بەهایان بە ژمارە و پارە دیاری ناکرێت. کەتیبەکان جەختیان کردەوە، هەڵمەتە ڕاگەیاندنی و داراییەکانی ئەمریکا ناتوانن ئەو شکۆ و پێگەیە کەم بکەنەوە کە ئەو سەرکردانە لە ناو جەماوەرەکەیاندا هەیانە.

گرووپەکە ئاماژەی بەوە کرد کە شوێنی ڕاستەقینەی حاجی ئەبو ئالای وەلائی ناو دڵ و عەقڵی خەڵکە، نەک شوێنە دیاریکراوەکانی سەر نەخشە. لە پەیامێکی ڕەوانبێژیدا ڕایانگەیاند: "شکۆی نیشتمانی ناکڕدرێت و وەلائی ڕاستەقینە نافرۆشرێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە کەس ئامادە نییە لە پێناو پارەدا خیانەت لەو سەرکردەیە بکات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، کەتیبەکانی سید الشهداو ڕوو لە ئەمریکا دەڵێن کە گرهویان لەسەر وەهم کردووە. ئەوان دەڵێن ئەگەر ئامێزی گەل بۆ سەرکردەکانیان وەک "گەلی حوسێن" بێت، ئەوا بە خێرایی بۆ هەمووان دەردەکەوێت کە پارە و پاداشت ناتوانێت ئەو پەیوەندییە ڕۆحی و نیشتمانییە هەڵوەشێنێتەوە.



PM:08:41:24/04/2026