ئەمشەو هەینی، ٢٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازیان ئەنجامدا. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە یەکلاکردنەوەی ناوی بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بوو، بەڵام جارێکی دیکە ناکۆکییەکان ڕێگر بوون لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند'' کۆبوونەوەکە بەبێ دیاریکردنی هیچ ناوێک کۆتایی هاتووە. جگە لەوەی لەسەر کەسایەتییەک ڕێکنەکەوتوون، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تەنانەت لەسەر میکانیزمی هەڵبژاردنی کاندیدەکەش کۆدەنگ نەبوون، ئەمەش نیشانەی قووڵیِ جیاوازییەکانی نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە دەردەخات.''
بەهۆی دەستنەکەوتنی ئەنجامی بەرجەستە، بڕیار دراوە کۆبوونەوەکە بۆ سبەی شەممە، ٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٦، دوا بخرێت. کاتژمێر ٤ـی پاشنیوەڕۆ وەک کاتی نوێی کۆبوونەوەی گشتی دیاریکراوە، بەو هیوایەی تا ئەو کاتە لایەنەکان بتوانن لەسەر چوارچێوەیەکی گونجاو بگەنە لێکتێگەیشتن.
بڕیارە پێش کاتی دیاریکراوی کۆبوونەوەکەی سبەی، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لاوەکی و دووقۆڵی لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوە بچێت. ئەم گفتوگۆ چڕانە وەک هەوڵێکی کۆتایی دەبینرێن بۆ نزیککردنەوەی ڕاکان و ڕێگری لە درێژەخایەنبوونی زیاتری قەیرانی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق.