وەزارەتی دەرەوەی سعودیە راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هێرشی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ باکوری کوەیت کە لە عێراقەوە ئاراستەکرابوون بڵاوکردەوە و هۆشداری دەداتە عێراق.
شەممە، ٢٥ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "هاوسۆزی تەواوی خۆی بۆ دەوڵەتی کوەیت دەردەبڕێت و پشتگیری لە هەموو ئەو هەنگاو و ڕێوشوێنانە دەکات کە ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەیانگرێتەبەر".
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە داوای لە حکومەتی عێراق کردووە "بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە هەڕەشانەدا بکات کە دەکرێنە سەر وڵاتانی کەنداو، ڕێگری بکات لەوەی خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ".
سوپای کوەیت بڵاویکردەوە کە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر باكوری وڵاتەکە. درۆنەکان لە عێراقەوە ئاراستە کرابوون و هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە".