ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، دوای پێکدادانە چەکدارییەکانی شەوی ڕابردووی کەربەلا، زنجیرەیەک بڕیاری توندی دەرکرد. سەدر فەرمانی بە (یاریدەدەری جیهادی)ی ڕەوتەکە کردووە کە لە ماوەی تەنیا پێنج ڕۆژدا، سەرجەم چەکەکان لە دەستی یەکە سەربازییەکانی سەرایا سەلام لە ناو شاری کەربەلا کۆبکرێنەوە و بکشێندرێنەوە.
بەپێی نووسراوە فەرمییەکەی موقتەدا سەدر، دەبێت لە ماوەی مانگێکدا هێزەکانی سەرایا سەلام لە کەربەلا سەرلەنوێ ڕێکبخرێنەوە و سەرجەم فەرماندەکانی ئەو پارێزگایە بگۆڕدرێن.
هاوکات فەرماندەیی گشتیی سەرایا سەلام بڕیاری داوە کارەکانی لەو پارێزگایە ڕابگرێت و سەرجەم بارەگاکانی لە ناو شارەکەدا دابخات تاوەکو پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەکە کۆتایی دێت.
ئەم هەڵوێستە توڕەیەی سەدر دوای ئەوە دێت کە لە ناوچەی "حوور" لە ناوەڕاستی کەربەلا، پێکدادان لە نێوان چەکدارانی سەرایا سەلام و گرووپێکی جیابووەوە بە ناوی (ئەزهەرییەکان) ڕوویدا. بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، لەو شەڕەدا کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەناهی و نیگەرانیی دانیشتووانی شارە پیرۆزەکە.
سەدر بە توندی هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون و وەک "تێرۆریست و دووژمنی ئیمام حوسێن" ناوی بردوون. ئەو ڕایگەیاندووە'' تاوەکو ڕۆژی دوایی بەریبوونی خۆی لێیان ڕادەگەیەنێت و داوای کردووە لیستێک لە ناویان ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی ڕادەستی لایەنە حکومییەکان بکرێن و سزای توند بدرێن.''