وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کۆتاییهاتنی گەشتە فەرمییەکەی بۆ پاکستان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند'' سەردانەکەی "زۆر بەرهەمدار" بووە.''
عەباس ئێراقچی، ستایشی هەوڵە نێوەندگیرییەکانی پاکستانی کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە و سوپاسی هەڵوێستی "برایانە"ی ئەو وڵاتەی کرد لە میانی دیدارەکانیدا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لە میانی گفتوگۆکانیدا، چوارچێوەیەکی کرداری و ڕوونی ئێرانی خستووەتە ڕوو کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانی یەکجارییە بەو جەنگەی لە ناوچەکەدا بەرامبەر وڵاتەکەی دەگوزەرێت. عەباس ئێراقچی جەختی کردەوە کە تاران دیدگایەکی ڕاستەقینەی بۆ چارەسەری قەیرانەکە هەیە و ئامادەیە بۆ هەنگاوی جیدی.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا و پرۆسەی دانوستان، عەباس ئێراقچی گومانی قووڵی وڵاتەکەی نیشاندا و ڕایگەیاند: "هێشتا ماوە بزانین و ببینین کە ئایا ئەمریکا بەڕاستی لە بژاردەی دیپلۆماسیدا جدییە یان نا." ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تاران هێشتا متمانەی تەواوی بە لێدوانە سیاسییەکانی کۆشکی سپی نییە سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتن.
عەباس ئێراقچی کە ڕۆژی هەینی ٢٤ـی نیسانی ٢٠٢٦ گەیشتبووە پاکستان، دوای تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ شەممە ئیسلام ئابادی بەرەو مەسقەتی پایتەختی عوممان جێهێشت.