روانگەی ئیکۆ عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، دەڵێت "کۆی گشتی بەرهەمهێنانی نەوت لەو سێ مانگەدا گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠٢ ملیۆن بەرمیل".
یەک شەممە، ٢٦ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراەکەدا هاتووە " ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەم شێوەیە بووە، کە لە مانگی کانوونی دووەمدا، رۆژانە ٤ملیۆن و ١٥٧ هەزار بەرمیل بەرهەمهێندراوە، لە مانگی شوباتدا ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبووەتەوە بۆ ٤ ملیۆن و ١٨٨ هەزار بەرمیلی رۆژانە، لە مانگی ئاداریشدا دابەزینێکی گەورە و بەرچاو تۆمارکراوە و ئاستی بەرهەمهێنان بۆ یەک ملیۆن و ٦٢٥ هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە".
"پێویستە حکومەتی عێراق کار بۆ هەمەچەشنکردنی دەروازە بازرگانییەکان بکات و تەنیا پشت بە هەناردەی دەریایی لە رێگای کەنداوەوە نەبەستێت، وەک جێگرەوەیەکیش، پێشنیازی کاراکردنەوەی پڕۆژەی رێگای شامی نوێ دەکرێت، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان و گەرەنتی کردنی بەردەوامیی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەتی لە کاتی دروستبوونی گرژییە ناوچەییەکاندا"، روانگەی ئیکۆ عێراق وا دەڵێت.
لە کۆتاییدا روانگەکە جەختیکردوەتەوە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی توانای ئابوری عێراق لە روبەڕوبوونەوەی قەیرانەکان و پاراستنی کارایی هەناردەکردن لە هەموو بارودۆخێکدا.
دوای ئەوەی لە ٢٨ شوبات ٢٠٢٦، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و جەنگ بۆ ماوەی ٣٨ رۆژ بەردەوام بوو، لە ٨ نیساندا ئاگربەست ئەنجامدرا و دوای ئەوەی ئێران گەروی هورمزی داخست و ئەمریکاش گەمارۆی خستە سەر گەروەکە ئاستەنگی گەورە لەبەردەم هەنداردەکردنی نەوتی عێراق دروست بووە.