دژە تیرۆری عێراق: چوار ئەندامی داعشمان دەستگیرکرد

‌وێنەکە دژە تیرۆری عێراق بڵاویکردەوە

لە راگەیاندراوێکدا دژە تیرۆری عێراق بڵاویکردەوە کە  "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆن و چالاکییە بەردەوامەکانمان بۆ بەدواداچوونی باندەکانی داعش، هێزە پاڵەوانەکانمان چەند ئۆپراسیۆنێکی وردیان لەسەر بنەمای هەواڵگریی ورد ئەنجامدا، توانیان چوار تیرۆرستی داعش لە چەند شارێک دەستگیر بکەن".

یەک شەممە، ٢٦ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "هێزەکانمان لە بەغداد تیرۆرستێکیان دەستگیرکرد، لە پارێزگای ئەنباریش تیرۆرستێکی دیکە دەستگیرکرا، هاوکات بە هاوکاری دژە تیرۆری سلێمانی توانیمان تیرۆرستێکی تری داعش لە سنووری ئەو پارێزگایە دەستگیربکەن".

ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامدا و توانیان "تیرۆرستێکی دیکەی داعش" دەستگیر بکەن.

لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە  لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکوک، لە چوارچێوەی هەوڵی هێزەکانیان بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە "توانیمان چەند حەشارگەیەکی داعش تێکبشکێنین و هەڵبوەشێنینەوە".

لە کۆتاییدا دژە تیرۆی عێراق وتوشیەتی "ئۆپەراسیۆنەکانمان بە خێرایی زیاتر بەردەوامە، لە چوارچێوەی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ گەیشتن بە عێراقێکی سەلامەت و سەقامگیر".




PM:05:58:26/04/2026