سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیا عەرەبییەكانی ڕایگەیاندووە، عەلی زەیدی، كەسێتی بازرگانیی دیاری عێراقی و خاوەنی بانكی باشوور، كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی هاودەنگییەكی بۆ پێكهێناوە.
بڕیارە ئەمشەو كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەمانگی ئەنجام بدرێت، كە چەند جارێكە دوادەخرێت بە مەبەستی دیاری كردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران و كردنەوەی گرێكوێرەی نێوان مالكی و سودانی.
لەماوەی ڕابردوودا ناوی چەند كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕاگەیەنران وەك (باسم بەدری و ئیحسان عەوادی) و پێشتریش ناوی (قاسم ئەعرەجی و حەیدەر عەبادی و عەلی شكور) دەهات، بەڵام تا ئێستا لەسەر هیچ ناوێك بڕیاری كۆتایی نەدراوە.
خالد مەرسومی، سەرکردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ (بغداد الیوم) ڕایگەیاند"، چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی عەلی زیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق".
موشریق فرێجی، سەركردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوەی سودانی دەڵێت: سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رازین بە كاندیدكردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
بە گوێرەی زانیارییەکان عەلی زەیدی تەنیا بازرگان نییە، بەڵکو خاوەنی بانک و کۆمپانیای "ئەلوەیس"ـە کە لایەنی سەرەکییە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی بازرگانی. لە ساڵی 2022ـەوە وەک یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو کایەی ئابووریی عێراق ناسراوە.
ئەو کەسەی ناوی هێنراوە نزیکە لە فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئینجا باس لەوەش دەکرێت ئێرانیش لاری لەسەری نییەو پێی ڕازی بووە. بەڵام زۆرجار ناوی لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکاندا دەهێنرێت وەک یەکێک لەو کەسانەی کە واشنتۆن چاودێری چالاکییە داراییەکانی دەکات، بەتایبەت لە دۆسیەی گواستنەوەی دراو و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی دۆلار. بانکەکەشی لە لیستی رەشی ئەمریکایە بەڵام بانکەکەی بەناوی خۆیەوە نییە.