ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، بڕیاری دا بڕە پارەیەک وەک شایستەی دارایی بۆ کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سەر خاکی عێراق تەرخان بکات.
ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی گشتگیرە و تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زیانی گیانییان بەرکەوتووە.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پرسی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی ژێرخان، جەخت لەسەر گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووان کرایەوە.
تەرخانکردنی ئەم بودجەیە وەک هەنگاوێک بۆ پاڵپشتی دارایی ئەو خێزانانە دێت کە بەهۆی بارودۆخی نائارامی ناوچەکە و پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانەوە ئازیزانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەستپێکی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی سەدان هێرش بووەتەوە کە بوونەتە هۆی شەهیدبوونی ٢٠ کەس و برینداربوونی ١٢٣ کەسی دیکە. ئەم بڕیارەی بەغدا بەشێکی گرنگە لە هەوڵەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەر هاووڵاتییانی سڤیل کەوتوون.