وەزارەتی بەرگری عێراق راگەیاندراوێکی لەبارەی خستنە خوارەوەی "درۆنێکی نەناسراو" لە ڕەسافەی بەغداد راگەیاند.
پێنج شەممە، ٣٠ نیسان ٢٠٢٦، وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند " کاتژمێر ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، یەکەکانی فەوجی یەکی لیوای ٤٥ـی سەر بە فیرقەی ١١، لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراویان لە ئاسمانی ناوچەی ژێر بەرپرسیارێتییان خستووەتە خوارەوە".
وەزارەتی بەرگریی عێراق باسی لەوەشکردوە کە "دوای بینینی درۆنەکە، دەستبەجێ هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتیی فیرقە کرا بۆ ناسینەوەی ناسنامەی فڕۆکەکە، بەڵام دوای وردبینی دەرکەوت کە فڕۆکەکە نەناسراوە و مۆڵەتی فڕینی نەبووە".
وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە دوای دڵنیابوونەوە لە نەناسراوی ئامانجەکە، هێزەکانیان "بە چەکی گونجاو" توانیویانە بە سەرکەوتوویی بیخەنە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق وتوشیەتی "هێزەکانمان هیچ کەمتەرخەمییەک لە پاراستنی سەروەریی عێراق و گیانی هاوڵاتییان ناکەن و بەرپەرچی هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی دەدەنەوە."