هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق کە گرووپێکە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێت ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند" لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەسەر ڕێڕەوی وشکانی حاجیانی کەربەلا، یەکێک لە ئەندامانیان کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون".
بەپێی بەیاننامەی گروپەکە، ئەندامێکی لیوای ٣٧ی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە تەقینەوەیەکدا کوژراوە کە هێزەکانی بۆ پاراستنی کاروانەکانی زیارەتکاران دەستنیشانکراون. ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراقیش هەمان زانیاریان بڵاوکردۆتەوە.
هێزەکانی حەشدی شەعبی هاوپەیمانییەکە کە بە شێوەیەکی سەرەکی گروپە چەکدارەکانی شیعە پێکهاتووە لە عێراق کە دوای شەڕی داعش بوونە بەشێک لە پێکهاتەی ئەمنی فەرمی وڵاتەکە، بەڵام ژمارەیەک لە گرنگترین گرووپە ژێردەستە یان نزیکەکانی، لەوانە حزبوڵڵای کەتەعیب، ئەسائیب ئەهلی حەق و نوجەبا، ساڵانێکە لەلایەن ئەمریکاوە وەک گرووپێک کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانییان لێ دەکات، دەستنیشان کراون.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی ئەم میلیشیایانە لە نێویاندا حیزبوڵڵای کەتایب کە لە لیستی ڕێکخراوە "تیرۆریستییە" بیانییەکانی ئەمریکادایە، بۆ دزەکردنە ناو پێکهاتەی ئەمنی و ئابووریی عێراق کەڵک وەردەگرێت.
لە کاتی شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکادا، ڕۆڵی گرووپە عێراقییەکانی نزیک لە تارانیش زیاتر بەرچاو کەوت. میدیا نێودەوڵەتییەکان باسیان لەوە کردبوو کە هێزەکانی گرووپە عێراقییەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی چوونەتە ناو خاکی ئێرانەوە.