میدیا عێراقیەکان: تەیف سامی بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەبێتەوە وەزیری دارایی

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی میدیا عێراقیەکان، تەیف سامی وەک وەزیری دارایی فیدراڵ بۆ خولێکی دیکەی چوار ساڵی لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە و عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراویش دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵیدا تاوتوێی وردەکارییە داراییەکان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم بودجەی گشتی کردووە.

پێگەی تەیف سامی وەک کەسایەتییەکی تەکنۆکرات و سەربەخۆ لە دەرەوەی کێبڕکێی لایەنە سیاسییەکان وایکردووە متمانەی سەرۆک وەزیرانی نوێ بەدەستبهێنێتەوە بەتایبەت لەم قۆناغەدا کە دۆسیەی مووچە و داهاتەکان پێویستی بە وردبینییەکی زۆر هەیە و زەیدی دەیەوێت لە ڕێگەی ئەوەوە درێژە بە سیاسەتە داراییەکانی ئێستا بدات و ڕێگری لە هەر لادانێک بگرێت.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش مانەوەی ئەو خانمە وەک وەزیری دارایی ئاماژەیەکی گرنگە چونکە لە سەردەمی ئەودا گۆڕانکاری گەورە لە پەیوەندییە داراییەکاندا ڕوویدا و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم دەرهێنرا و ڕاستەوخۆ بەسترایەوە بە حکومەتی فیدراڵەوە کە ئەمەش مشتومڕێکی زۆری لەسەر ئاستی سیاسی و کارگێڕی دروست کردووە




PM:02:43:02/05/2026