ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوە

حکومەتی عێراق بە فەرمی گەیشتنی یەکەم کاروانی دۆلاری نەختینەی لە ئەمریکاوە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە دەستپێکی پرۆسەی ناردنی مانگانەی پشکی عێراقە لەو داراییانەی کە لە بانکە ئەمریکییەکاندا پارێزراون.

پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ هەبێت و ببێتە هۆی هەرزانبوونی کەلوپەل و سەقامگیری بەهای دینار.

ئەم وەرچەرخانە ئابورییە هاوکاتە لەگەڵ دیاریکردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کە لە لایەن واشنتۆنەوە پێشوازی لێکرا و وەک نیشانەیەک بۆ باشتربوونی پەیوەندییەکان و ناردنەوەی شایستە داراییەکانی عێراق لێکدەدرێتەوە کە ماوەیەک بوو بەهۆکاری جیاواز ڕاگیرابوو یان بە سستی بەڕێوەدەچوو بەڵام ئێستا بە فەرمی پرۆسەکە کەوتووەتەوە کار.

پێشتریش مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری ئابوری حکومەت جەختی لەوە کردبووەوە کە عێراق بەمزووانە دەست دەگاتەوە بەو داهاتانەی نەوت کە لە ئەمریکا هەڵدەگیرێن و گەیشتنی ئەم وەجبەی یەکەمەش دەریخست کە هەماهەنگییە بانکییەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی نوێ و ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ بانکە ناوخۆییەکان و زیادبوونی خستنەڕووی دراوی بیانی لە بازاڕەکانی وڵاتدا



PM:03:23:02/05/2026