چۆن بە نهێنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرا؟

‌عەلی زەیدی


ماڵپەڕی عالم ئەلجدیدی عێراقیی راپۆرتێکی سەبارەت بە چۆنیەتی دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی عەلی زەیدی بڵاوکردوەتەوە.

دوو شەممە، ٤ ئایار ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەدا هاتووە "رۆژی یەكشەممەی رابردوو ٢٦ ی نیسان، لە كۆبوونەوەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، بە كۆی دەنگ بڕیار دراوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشتر و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دوای تەواوبوونی دەنگدان، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە خۆی كاندید بوو، بۆ پۆستەكە، داوای لە ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كردووە پەلە نەكەن لە راگەیاندنی بڕیاری كاندیدكردنی حەیدەر عەبادی و ٢٤ کاتژمێر بوەستن. ئەو كاتە كۆبوونەوەكە تەواو دەبێت و حەیدەری عەبادی وەك كاندید كۆبوونەوەكە جێدەهێڵێت".

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "لە ماوەی ئەو ٢٤ کاتژمێرەدا نووری مالیكی و سوودانی بە ئامادەبوونی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراقدا، كۆ دەبنەوە و لەسەر عەلی زەیدی رێك دەكەون، ئینجا واژووی بۆ كۆ دەكەنەوە، كۆبوونەوەیەكی تر ئەنجام دەدرێت، حەیدەر عەبادی تووشی سەرسوڕمان دەبێت كاتێك ناوێكی تر دەبینێ‌، بۆیە كۆبوونەوەكە جێدەهێڵێت و لە دوای ئەویش ئەبوئالا وەلائی و ئینجام هومام حەموودی ناڕەزایی دەردەبڕن، ئەوانیش كۆبوونەوە جێدەهێڵن".

لە کۆتاییدا ماڵپەڕی عالم ئەلجدیدی عێراقی نوسیویەتی "كاتێك لە ٢٧ مانگ دەقی بڕیاری كاندیدبوونی عەلی زەیدی بڵاو كرایەوە، لە كۆی ١٢ ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، تەنیا ٩ كەس واژوویان كردووە، واژووی هەریەكە لە عەبادی و وەلائی و حەموودیی لەسەر نییە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی عالەم جەدیدیش كە ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، لە كاتی كاندیدبوونی زەیدی، ئەو ٣‌ ناوە بە تووڕەبوون كۆبوونەوەیان جێهێشتووە، بەڵام وەلائی و حەموودی دواتر گەڕاونەتەوە و تەنیا عەبادی لە كاندیدبوونی زەیدی رازی نییە".




PM:04:53:04/05/2026