لە ماوەی شەڕی ئێراندا زیاتر لە ٦٠٠ هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەمریکییەکان لە عێراق ئەنجام دراوە

ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە گێڕانەوەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کاتی شەڕی لەگەڵ ئێراندا زیاتر لە ٦٠٠ هێرشیان بەرکەوتووە، ژمارەیەکیش ڕەنگدانەوەی ئاستی پەرەسەندنی سەر گۆڕەپانی عێراقە لەو ماوەیەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکانی دووپاتکردەوە کە "میلیشیا عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران" هێشتا پلانی هێرشی نوێیان بۆ سەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە داناوە. هەروەها باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک توخم لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق بەردەوامن لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی سیاسی و دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەو گروپانە.

بەرپرسانی ئەمەریکا جەختیان لەوە کردەوە کە واشنتۆن پێشبینی دەکات بەغدا هەنگاوی "پراکتیکی و بەرجەستە" بنێت بۆ ئەوەی جددیەتی خۆی لە جیاکردنەوەی حکومەت لەو گروپانە نیشان بدات، لەوانە دەرکردنی ئەندامەکانیان لە دامودەزگاکان و ڕاگرتنی بودجەی ئەوان و بڕینی مووچەی چەکدارەکانیان، بەتایبەتی کە بەرپرسانی ئەمەریکا بەدواداچوون بۆ دۆسیەی عەلی زەیدی دەکەن، سەرۆک وەزیران کە ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێسپێردراوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرای کردووە کە لانیکەم ١٦ شوێنی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران زیانیان بەرکەوتووە. ئەم سایتانە گرنگی ستراتژیکییان هەیە و پرسیار لەبارەی داهاتووی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە و ڕەوتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران دەوروژێنن.

لای خۆسیەوە بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند" سەرکردەکانی عێراق تێدەگەن کە ئەمریکا بەدوای چیدا دەگەڕێت.

٠ ئەمریکا بەدوای کرداردا دەگەڕێت نەک قسە، پێویستە گرووپە چەکدارەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەربکرێن و بوودجەیان لێببڕدرێت، ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە دەریدەخات کە عەقڵیەتییەکی نوێی لە ناو حکومەتدا هەیە و گۆڕانکاریی ڕوویداوە".


ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پەرەدەسێنێت و عێراق یەکێکە لە ناوچە هەستیارەکانە بەهۆی بوونی گروپە چەکدارەکانی پەیوەست بە تارانەوە.






AM:11:58:06/05/2026