ئەمریکا پەیامێک ئاراستەی عەلی زەیدی دەکات

لەگەڵ نزیکبوونەوەی قۆناغی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەڵوێستێکی توند و ئاشکرای لەبارەی بەشداریکردنی گرووپە چەکدارە سەر بە ئێرانەکان لە حکوومەتدا نیشان داوە، هەڵوێستێک کە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات واشنتن ئامادە نییە ئەو لایەنانە ببینێت بەشێک لە بڕیارسازی سیاسی و ئەمنیی عێراق.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی NBC News کە لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە بڵاو کراوەتەوە، واشنتن نیگەرانییەکی قووڵی هەیە لەو "هێڵە ناڕوونەی” لەنێوان دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و میلیشیا چەکدارەکاندا دروست بووە؛ ئەوەی ئەمەریکا بە هەڕەشەیەک بۆ سەروەریی دەوڵەت و سەربەخۆیی بڕیاردان دەزانێت.

لە هەمان کاتدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو کردووە و داوای لێکردووە پێوەندییەکانی دەوڵەت لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بپچڕێنێت، ڕێگری لە بەشداریکردنیان لە کابینەی نوێ بکات و جەخت لەسەر پاراستنی سەروەریی یاسا و دامەزراوە فەرمییەکان بکاتەوە.

ئەم فشارە نوێیانەی واشنتن لە کاتێکدا دێن کە عێراق لە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی دایە و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و دوورخستنەوەی وڵات لە کاریگەریی ململا‌نێ هەرێمی و ناوخۆییەکان بەردەوامن؛ بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی گفتوگۆکان دەربارەی ڕۆڵ و نفووزی گرووپە چەکدارەکان لە داهاتووی سیاسی عێراقدا




PM:01:00:08/05/2026