موقتەدا سەدر مەرجی توند بۆ کابینەی عەلی زەیدی دادەنێت

 ڕێبەری ڕەوتی شیعەی نیشتمانی لە پەیامێکی نوێدا شەش مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی حکومەتی داهاتوو ڕاگەیاند.

موقتەدا سەدر، جەختی کردەوە کە دەبێت سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو گرووپە چەکدارەکان هەڵبوەشێنێتەوە یان بیانگۆڕێت بۆ پێکهاتەی ئاینی و مرۆیی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

سەدر ئامادەیی خۆشی نیشان دا کە لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا "لیوای یەومی مەوعود" هەڵبوەشێنێتەوە و "سەرایا سەلام" ڕادەستی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بکات و هەر لایەنێکیش رەتیبکاتەوە بە دەرچوو لە یاسا هەژماری کرد.

ڕێبەری ڕەوتی شیعەی نیشتمانی داوای پێکهێنانی حکومەتێکی سەربەخۆ دەکات کە دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەکی و بنەمای "نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی" پەیڕەو بکات.

هەروەها جەختی لەسەر بنەبڕکردنی گەندەڵی کردەوە لە ماوەی نەوەد ڕۆژدا بە جۆرێک کە دەستپێکەکەی بە یەکلاکردنەوەی کەیسی "دزینی سەدە" و سزادانی تاوانبارەکانی بێت و داواشی کرد کە لە پێکهێنانی کابینەکەدا پشت بە هیچ لایەنێک نەبەسترێت کە باڵێکی چەکداری هەبێت تاوەکو حکومەتەکە تەنها لە خزمەتی داواکارییەکانی گەلدا بێت.

سەدر لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێگە نادەن هیچ تاکێکی ڕەوتی شیعەی نیشتمانی لە ناو کابینەی وەزاریدا بەشدار بێت و هیچ وەزیرێک نوێنەرایەتی ئەوان ناکات.

ئەم هەڵوێستە وەک گوشارێکی توند دەبینرێت بۆ سەر عەلی زەیدی و لایەنە سیاسییەکان تاوەکو حکومەتێکی تەکنۆکرات و دوور لە پشکپشکێنەی حزبی پێکبهێنن کە بتوانێت شکۆمەندی بۆ عێراق بگێڕێتەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە چوارچێوەیەکی هاوسەنگدا ڕێکبخاتەوە.



PM:02:02:08/05/2026