وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە ئاراستەی عەلی مەعاریج بەهادلی، جێگری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن کراون.
جەختی کردەوە کە ئامادەن بۆ هەر هاوکاری و لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە لە ڕێگەی دەزگا چاودێری و دادوەرییەکانی عێراقەوە تاوەکو ڕاستی و دروستی بابەتەکە لەسەر بنەمای بەڵگە و شەفافیەت یەکلایی بکرێتەوە و ڕێگری بکرێت لە هەر لێکدانەوەیەکی پێشوەختە کە زیان بە ناوبانگی دامەزراوەکانی دەوڵەت بگەیەنێت.
وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکەکانی جێگری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پڕۆسەکانی هەناردەکردن و بەبازاڕکردن و بارکردنی تانکەرەکانەوە نییە و ئەو دۆسیانە بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی کۆمپانیا تایبەتمەندەکان و کۆمپانیای (سۆمۆ) دان.
هەروەها جەختی کردەوە کە کۆمپانیای سۆمۆ پێشتر هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە کە باس لە بوونی نایاسایی لە پڕۆسەی بەبازاڕکردنی نەوتدا دەکەن و میکانیزمەکانی خۆی بە شەفاف و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان وەسف کردووە
ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی نەوت دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا عەلی مەعاریج بەهادلی و ژمارەیەک کۆمپانیا و سەرکردەی گرووپە چەەکدارەکانی خستە لیستی سزاکانەوە بە تۆمەتی قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ ئاسانکاریی قاچاخچێتیی نەوت بۆ بەرژەوەندی ئێران و گرووپە چەکدارەکان.
لە کاتێکدا عێراق جەخت لە سەروەریی یاسا و بێتاوانیی بەرپرسەکانی دەکاتەوە تا ئەو کاتەی لە ڕێگەی دادگاکانی ناوخۆوە پێچەوانەکەی دەسەلمێنرێت و ئامادەیی خۆشی نیشان داوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات لە هەر پێشێلکارییەک کە زیان بە ئابووری نیشتمانی بگەیەنێت