سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پۆستی جێگرەکانی سەرۆک وەزیراندا بکات و رەتیدەکاتەوە هیچ کەسێک تەنها بۆ رازیکردنی لایەنە سیاسییەکان بکاتە جێگری خۆی بەبێ ئەوەی ئەرکێکی وەزاری هەبێت.
بەو پێیەی عەلی زەیدی دەیەوێت جێگرەکان هەمان وەزیرە سیادییەکانی وەک دەرەوە و نەوت و پلاندانان بن تاوەکو کارایی حکومەت زیاتر بێت و پۆستەکان تەنها وەک نازناو نەمێننەوە هەروەها جەختی کردووەتەوە کە خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ وەزیرەکانی دارایی و ناوخۆ دیاری دەکات.
لە لایەکی دیکەوە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیارێکی نوێیان تاوتوێ کردووە کە بریتییە لە دامەزراندنی وەزارەتێکی نوێ بە ناوی وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی بە جۆرێک کە سەرجەم هێزەکانی وەک حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی و پاسەوانی سنوور بخرێنە ژێر چەتری ئەو وەزارەتە و بەم هەنگاوەش دەستەی حەشدی شەعبی وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ نامێنێت و بە تەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندییەوە کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورە لە پێکهاتەی ئەمنیی عێراقدا دروست دەکات.
سەبارەت بە دابەشکاریی پۆستەکان لە نێوان پێکهاتەکاندا ئێستا گفتوگۆی چڕ لە نێوان لایەنە شیعی و سوننییەکاندا بەردەوامە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی چوار وەزارەتی جیاواز کە بریتین لە وەزارەتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و وەرزش و رۆشنبیری بەڵام تاوەکو ئەم ساتە لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی چونکە سوننەکان دەیانەوێت وەزارەتی پیشەسازی بدەن بە شیعە و لە بەرامبەردا کشتوکاڵ وەربگرن و شیعەکانیش دەیانەوێت وەزارەتی وەرزش بدەن بە سوننە و لە بەرامبەردا وەزارەتی رۆشنبیری بۆ خۆیان ببەن.