دژەتیرۆری عێراق: دەستمان بەسەر کۆگایەکی چەکی داعشدا گرتووە

‌وێنەکە لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە

دەزگای دژە تیرۆری عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت " لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا توانیمان دەست بەسەر دوو کۆگای چەک و تەقەمەنیدا بگرین".

یەک شەممە، ١٠ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی دژەتیرۆری عێراقدا هاتووە "مەفرەزە ئەمنییەکانی دەزگاکەمان، پشتئەستوور بە زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی بەردەوام، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا توانییان دەست بەسەر دوو کۆگای چەک و تەقەمەنیدا بگرن لە زنجیرە چیاکانی حەمرین لە سنووری نێوان پارێزگاکانی سەلاحەدین و کەرکوک".

"حەشارگەیەکی پاشماوەکانی داعشیان لە قەزای مەندەلی لە پارێزگای دیالە پشکنیوە و تێکیان داوە، کە چەندین مادەی تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی و کۆگایەکی تری تەقەمەنی تێدابووە"، دژەتیرۆری عێراق وا دەڵێت.

دەزگای دژە تیرۆر عێراق دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان کە "ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بەردەوام دەبن".




PM:04:36:10/05/2026