لایەنە شیعییەکان لەسەر پۆستە وەزارییەکانیان گەیشتنە ڕێککەوتن

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە هێز و لایەنە شیعییەکان لە ڕێكکەوتنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

نزیکەی ٩٥٪ی پرۆسەی دابەشکردنی وەزارەتەکانیان لە نێوان خۆیاندا یەکلاکردووەتەوە بە شێوەیەک کە تەنها ئەگەری هەندێک گۆڕانکاری زۆر بچوک لە ئارادایە و بڕیاریشە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا پەرلەمانی عێراق دانیشتنی تایبەت بۆ متمانەدان بە حکومەتی نوێ ئەنجام بدات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە دابەشکارییەکە بە جۆرێکە کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردەی بەردەکەوێت و ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیش وەزارەتەکانی دارایی و وەرزش و لاوان بەڕێوەدەبات لە کاتێکدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ ڕێکخراوی بەدر دەبێت و هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانیش پشکی شێری لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان بەرکەوتووە کە بریتین لە وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا و کشتوکاڵ.

لە درێژەی دابەشکردنی پۆستەکاندا وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بۆ هاوپەیمانی تەسمیم و ئەبشیر یا عێراق دەبێت و هاوپەیمانی سادقونیش وەزارەتی کار و پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانیان پێدەدرێت هەروەها وەزارەتی تەندروستی بۆ هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی دیاریکراوە و پۆستی جێگری دووەمی سەرۆک وەزیرانیش بۆ موحسین مەندەلاوی دەبێت کە ئەم دابەشکارییانە ئاماژەن بۆ نزیکبوونەوەی کاتی ڕاگەیاندنی کابینە حکومییەکە و کۆتاییهاتن بە کێبڕکێی لایەنەکان لەسەر پۆستە سیادی و خزمەتگوزارییەکان.



PM:08:31:10/05/2026