شەرق ئەوسەت: ڤیتۆیه‌كی له‌ناكاوی‌ ئێران، پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق راده‌گرێت

 

 

لە کاتێکدا دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار، ڕۆژنامەی الشرق الاوسط بەگوێرەی دوو بەرپرسی عێراقی ئاشکرای کردووە کە ڤیتۆی ئێران بووەتە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم ڕێککەوتنە سیاسییەکان، بە تایبەت لەسەر بابەتی دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارە سەر بە تاران لە کابینەی داهاتوودا.

بەپێی ئەو هەواڵە، تاران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە لە هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی میلیشیاکان لە ناو دامودەزگا دەوڵەتییەکاندا و داوای لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەوئاهەنگی کردووە دەنگ بە هیچ حکومەتێک نەدەن کە ببێتە هۆی لاوازبوونی هاوپەیمانەکانی ئێران یان ڕێگری بکات لە بەشداربوونیان لە دەسەڵاتدا.

ئەم پەرەسەندنە هاوکاتە لەگەڵ هەواڵی گەیشتنی ئیسماعیل قائانی بۆ بەغدا ، لە کاتێکدا کە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی گەیشتبوونە قۆناغێکی پێشکەوتوو.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە قائانی لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە شیعەکان و لایەنە بەشداربووەکان لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت کۆبووەتەوە و پەیامی توندی تارانیشی گواستوەتەوە؛ پەیامێک کە تێیدا ئێران ناڕەزایی خۆی لە " ملکەچبوونی تەواوی بەغدا بۆ واشنتۆن" دەربڕیوە، بە تایبەت لەسەر پرسی گرووپە چەکدارەکان و شێوەی حکومەتی داهاتوو.

لە هەمان کاتدا، بەرپرسێکی عێراقی دانوستانە بەردەوامەکانی بەغدای بە گەمارۆ و دژەگەمارۆی گەرووی هورمز چوواندووە؛ ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە قەیرانی پێکهێنانی حکومەت تەنها ناکۆکییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ململا‌نێی گەورەتر لەنێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر داهاتووی عێراق و ڕێکخستنی هێز و نفووز لە ناوچەکەدا.



 

 




AM:11:44:11/05/2026