ئیسماعیل قائانی: دەبێت گروپە چەکدارەکان بەشێکبن لە حکومەتی نوێ عێراق

فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سەردانێکی کتوپڕدا بۆ بەغدا داوای لە لایەنە شیعییەکان کردووە کە ڕێگری بکەن لە دوورخستنەوەی گروپە چەکدارەکان لە کابینەی نوێی حکومەت.

ئیسماعیل قائانی، جەختیشی کردووەتەوە کە نابێت ئەو گروپانە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن چونکە تاران دەیەوێت پارێزگاری لە هەژموونی خۆی بکات لە کاتێکدا عەلی فالح زەیدی خەریکی پێکهێنانی حکومەتی نوێیە.

لەلایەکی دیکەوە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە پاڵپشتی لە زەیدی دەکات مەرجی توندی بۆ سەرکەوتنی کابینەکەی داناوە و داوا دەکات سەرجەم گروپە چەکدارەکان لە دەسەڵات دووربخرێنەوە و هەژموونی ئێران لە عێراق کەمبکرێتەوە بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو گروپانە سەدان هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و واشنتۆنیش وەک وەڵامێک گواستنەوەی دۆلاری بۆ عێراق ڕاگرتووە و چاوەڕێی هەنگاوی کردەیی لە زەیدی دەکات.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە عەلی زەیدی لە دۆخێکی سەختدایە چونکە لە لایەکەوە دەیەوێت پاڵپشتی کۆشکی سپی بۆ ڕزگارکردنی ئابووری وڵات بەدەستبهێنێت و لە لایەکی دیکەشەوە ڕووبەڕووی فشارە توندەکانی قائانی و گروپە چەکدارەکان دەبێتەوە کە ئامادە نین بە ئاسانی دەستبەرداری پێگەی سیاسی و سەربازی خۆیان بن لە ناوخۆی عێراقدا.



PM:09:43:11/05/2026