فادی شەمەری سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە ئاشکرای دەکات، ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی داوەتە عەلی فالح زەیدی و ڤیتۆی لەسەر بەشداریکردنی شەش گرووپی چەکدار لە حکومەتی نوێدا داناوە.
واشنتۆن بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە تەنها لە حاڵەتێکدا ڕێگە بە بەشداری ئەو لایەنانە دەدات کە تەواوی چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
هەروەها هۆشداری ئەوەشی داوە کە ئەگەر تەنها یەک وەزیری سەر بەو گرووپانە لە کابینەکەدا هەبێت، ئەوا ئەمریکا بە تەواوی مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕادەگرێت، ئەمەش پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی تووشی ئاڵۆزییەکی گەورە کردووە چونکە ڕادەستکردنی چەک لەم کورتە مەودایەدا کارێکی یەکجار قورسە.
هاوکات، لەگەڵ ئەم فشارە دەرەکییانە، لە ناوخۆی ماڵی شیعەشدا ململانێ لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان بەردەوامە و عەلی زەیدی داوای کردووە کە وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی ڕادەستی کەسانی بێلایەن بکرێن و نەدرێن بە کوتلە سیاسییەکان بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی قەیرانە ئەمنی و ئابوورییەکان ببێتەوە، بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەم داواکارییەی ڕەتکردووەتەوە و پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی ئەو وەزارەتانە بەپێی پشکی حزبەکان دابەش بکرێن، ئەمەش وایکردووە کە زەیدی تەنها مافی ئەوەی هەبێت قسەی لەسەر کاندیدی حزبەکان هەبێت نەک دیاریکردنیان، کە ئەمەش درزێکی گەورە لە نێوان سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو و لایەنە شیعەکاندا دروست دەکات.