سودانی لە پەیامی ماڵئاواییدا: شەرەفمەند بووم بە خزمەتکردنی عێراق

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیامێکی ماڵئاواییدا پوختەی کار و دەستکەوتەکانی حکومەتەکەی خستە ڕوو و ڕایگەیاند'' شەرەفمەند بووە بە خزمەتکردنی وڵات لە قۆناغێکی پڕ لە ئاستەنگدا.''

سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە سەقامگیریی ئێستای عێراق لە چەندین دەیەی ڕابردوودا وێنەی نەبووە و بەرنامەی کارەکانیشیان زیاتر چڕبووەتەوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی هەژاری.

لە ڕووی ئابووری و داراییەوە، سودانی چەند ئامارێکی گرنگی ئاشکرا کرد، لەوانە بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنان بۆ ١١٤ ملیار دۆلار و کەمکردنەوەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق لە ١٣ ملیارەوە بۆ ١٠ ملیار دۆلار، جگە لە دانەوەی زیاتر لە ١٩ تریلیۆن دینار لە قەرزە ناوخۆییەکان. هەروەها جەختی کردەوە کە حکومەتەکەی بە یەکجاری کۆتایی بە دیاردەی "پڕۆژە پەککەوتووەکان" هێناوە و لە کەرتی کشتوکاڵیشدا عێراق گەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی لە بەرهەمی گەنمدا.

سەبارەت بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە تەواوکردنی ٢٢ نەخۆشخانەی نوێ و گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ٢٩ هەزار مێگاوات کرد، لەگەڵ جێبەجێکردنی ١٦ پڕۆژەی ستراتیژیی هاتووچۆ و دروستکردنی ١٢ پردی نوێ لە بەغدا. لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سودانی ڕایگەیاند کە گەلی عێراق لە کارەکانی ڕازین و دووپاتی کردەوە کە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە حکومەتی نوێی وڵات دەکەن بۆ بەردەوامیدان بە ئاوەدانی.



PM:07:02:13/05/2026