وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەرشەد حاکم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە "سیستمی 'سارا ١' کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چەکدارە و بە دەستی پسپۆڕانی ناوخۆیی دروستکراوە، دەخرێتە ناو ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانەوە".
چوار شەممە، ١٣ ئایار ٢٠٢٦، ئەرشەد حاکم رایگەیاند "سیستمی سارا ١ بەرهەمێکی تەواو عێراقییە و لەلایەن پاڵەوانانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی توانای تەکنیکی و هەواڵگریی مۆدێرن و بەهێزکردنی ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی مەیدانی دروستکراوە".
"تەنیا بۆ مەبەستی وێنەگرتن یان چاودێریکردن دروستنەکراوە، بەڵکو بە توانای مەیدانیی پێشکەوتوو پەرەی پێدراوە. توانای شەڕکردن و رووبەڕووبوونەوەی نزیکی هەیە، چونکە درۆنەکە چەکی لێ بەستراوە، ئەمەش وادەکات هێزە ئەمنییەکان لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکە تایبەت و ئاڵۆزەکاندا، بە خێراییەکی زۆرتر وەڵامیان هەبێت و هیچ زیانێکی گیانییان بەرنەکەوێت"، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە بارەی توانای فڕۆکەکەوە وا دەڵێت.
سەبارەت بە ناوی فڕۆکەکە بە سارا، ئەرشەد حاکم وتی " ناونانی بە سارا ١، گوزارشتە لە رۆڵێکی قارەمانانەی یەکێک لە قوربانییەکانی ناو دەزگاکەمان و پەیامێکی رێز و پێزانینە بۆ ئەو هەوڵە مەزنە ئەمنی و هەواڵگرییانەی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پێشکەشکراون".
بەپێی زانیاریەکانی وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقئەم سیستمە لە مەیدانی کاردا تاقیکراوەتەوە و "کارامەیی و متمانەپێکراوی خۆی لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکاندا بە وردی سەلماندووە".