عەلی زەیدی وەک سەرۆک وەزیران یەکەم پەیامی بڵاوکردەوە

‌عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، عەلی فالح زەیدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس یەکەم پەیامی بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەم متمانەیە ئەمانەتێکی گەورە و پەیمانێکە لەبەردەم گەلی ئازیزماندا، بۆ ئەوەی بە هەنگاوی جێگیر و نەگۆڕەوە بەرەو چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت بڕۆین".

پێنج شەممە، ١٤ ئایار ٢٠٢٦، سەرۆک وەزیرانی عێراق نووسیویەتی "سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم ئاراستەی پەرلەمان و هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەم بۆ بەخشینی متمانە بە حکومەتەکەمان، ئەم هەنگاوە بەرجەستەکەری باڵادەستیی بەرژەوەندیی نیشتمانی و رۆحی هاوبەشی و بەرپرسیارێتییە لە قۆناغی ئێستای عێراقدا".

عەلی زەیدی لە پەیامەکەیدا بەڵێنی دا "کە کار بکەین هێنانەدی خواست و ئاواتەکانی عێراقییەکان لە بوارەکانی گەشەپێدان، دادپەروەری، و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ هەمووان".

ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و دەنگ بە کابینەی نوێی حکومەت درا و ١٤ وەزیر هەڵبژێردران و بەر لە هەڵبژاردنی ٩ وەزیری دیکە بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لەسەر پۆستەکان دانیشتنی پەرلەمان کۆتایی پێهێندرا. 




PM:07:53:14/05/2026