دوای بوون بە وەزیری دارایی، فالح ساری یەکەم پەیامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە و دەڵێت"وەزارەتی دارایی بەوپهڕی جیدییەت و بەرپرسیارێتی و بە هەماهەنگیی تهواو لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت، کار دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دارایی و ئابوری واقیعی بۆ تێپهڕاندنی قەیرانی دارایی".
پێنج شەممە، ١٤ ئایار ٢٠٢٦، فالح ساری، کە ئەمڕۆ بوو بە وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند "لەگەڵ پهرۆشی تەواو بۆ دهست نهبردن بۆ قوتی هاوڵاتییان مامەڵە دەکەم، بەجۆرێک ببێته مایهی بهدیهێنانی سەقامگیریی دارایی و پاراستنی مافی هەموو عێراقییەکان"، ئەم وەزیرە نوێیە لە پەیامەکەیدا باسی پەیوەندی دارایی هەرێم و عێراقی نەکردوە.
فالح ساری عەبدولحەسەن، کە لە ساڵی ١٩٦٤ لەدایکبووە، خاوەن بروانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستە دارایی و بانکییەکاندا.
فالح ساری لە ساڵی ٢٠١٠ وە پەرلەمانتارە و یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی کە زۆرترین خولی پەرلەمانی بڕیوە، نوێنەرایەتی پارێزگای موسەننای کردووە و لە زۆربەی خولەکاندا لە لێژنەی دارایی پەرلەمان. ئەو نەک تەنها ئەندام، بەڵکو وەک سەرۆکی لێژنەکە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە داڕشتنەوەی یاساکانی بودجەی ساڵانەی عێراق و گفتوگۆکردن لەسەر کورتهێنان و داهاتە نەوتییەکان.
وەک سەرکردەیەک لە چوارچێوەی "ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی"، ساری هەمیشە بەوە ناسراوە کە زمانێکی هێمن و لۆژیکی هەیە. لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکانیدا، لەبری دروشمی سیاسی، پەنا بۆ ژمارە و داتا دەبات، ئەمەش وای کردووە لەناو ناوەندی ڕۆژنامەوانیدا وەک "سەرچاوەیەکی جێ متمانە" بۆ شیکردنەوەی ئابووری سەیر بکرێت.