بەپێی هەواڵی کەناڵی حوڕەی ئەمریکی سەرچاوەیەکی بەرپرس ناوەڕۆکی
پەیامێکی ئەمریکای بۆ حکومەتی نوێی عێراق ئاشکرا کرد، کە تێیدا واشنتۆن ڤیتۆی
خستووەتە سەر بەشداریکردنی شەش گرووپی چەکداری شیعەلە کابینەی عەلی زەیدی.
بەپێی راپۆرتی
کەناڵەکە پەیامەکەی ئەمریکا کە ڤیتۆکەی تێدایە، گەیشتووەتە
دەست ژمارەیەک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڵام تا ئێستا هیچ ناوێک لەو
شەش گرووپە چەکدارە دیاری نەکراوە.
لەسەر تێڕوانینی واشنتۆن بۆ شێوەی حکومەتی داهاتووی عێراق،
وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندووە: "ئەمریکا
بە وردی چاودێریی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی کردووە و پێویستە گرووپە چەکدارەکان
هیچ ڕۆڵێکیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نەبێت.
دوێنی پەرلەمانی عێراق دەنگی متمانەی بە ١٤ وەزیری کابینەکەی
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دا.
بەهۆی ڤیتۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بزووتنەوەی حقوق (باڵی
سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق) بەشداری لە کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەیدی
نەکرد و دەنگ لەسەر پشکی وەزاریی بزووتنەوەی سادیقونی باڵی سەربازی عەسائیب ئەهلی
حەق نەدرا.