هاوپەیمانێتیەکەی سودانی دووچاری لێکترازانی گەورە دەبێتەوە



دوو کوتلەی هاوپەیمانێتیەکەی سودانی کە گەورەترین هاوپەیمانی شیعەکان بوو، بەفەرمی جیابوونەوەی خۆیان لەو هاوپەیمانێتیە ( ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان) راگەیاند.

رۆژی هەینی ١٥ ی ئایار هەردوو کوتلەی "بەڵێنی نیشتیمانی" و بزووتنەوەی "سومەریون" بە فەرمی جیابوونەوەی خۆیان لە ئیئتیلافەکەی محەمەد شیاع سودانی ڕاگەیاند.

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوورکەوتنەوە لە هاوپەیمانیەکەی سودانی راگەیاندو هۆکاری کشانەوەیان بۆ "پەراوێزخستن و بێبەشکردن" لە شایستە سیاسییەکان گێڕایەوە.

"ئەوەی دوێنێ لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حکومەتەکەی عەلی زەیدی ڕوویدا، خۆدزینەوەیەکی ڕوون بوو لە ڕێککەوتنە سیاسییەکان و شکاندنی ئەو بەڵێنانەی کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبووین."( ئەو دوو کوتلە جیابووە رایانگەیاند).

جیابووەکان، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئیئتیلافەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بەرژەوەندی تاکەکەسی خستووەتە سەروو بەرژەوەندی نیشتمانی و هەوڵی داماڵینی شایستە دەستوورییەکانی ئەوانی داوە لە پۆستە وەزارییەکاندا.

فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی بڕیاریانداوە وەک "گرووپێکی پەرلەمانتاری نیشتمانی" کار بکەن و ڕایانگەیاندووە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کوتلەیەکی نوێی پەرلەمانی ڕادەگەیەنن کە بنەمای پشکپشکێنە ڕەتدەکاتەوە.

پێنج شەممە پەرلەمانی عێراق تەنیا متمانەی بە ١٤ وەزیری کابینەکەی عەلی زەیدی بەخشی بە شێکی ئەم کێشانەوە بۆ تەواو نەکردنی کابینەکە دەگەڕێتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا بوو بەرامبەر بەشداریی ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێران، دەنگدنەدان بۆ ٩ وەزارەتەکەی دی، نیگەرانی لەلای ئەو هێزانە دروستکردووە کە لە پۆستەکان بێبەش کراون.




AM:12:13:16/05/2026