سەرۆک وەزیران عەلی فالح ئەلزەیدی، ئەمڕۆ شەممە، لەیەکەم وتاریدا بەهۆی دەستبەکاربوونیەوە، جەختی کردەوە " قۆناغی داهاتوو دەبێت ببێتە قۆناغی هاوبەشیی ڕاستەقینە و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، لە هەمان کاتدا بەڵێنی کارکردنی دڵسۆزانە و ئیرادەی ڕاستگۆیانەی دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالانگارییەکان و، وتیشی " ڕێگەی چاکسازی ڕەنگە سەخت بێت بەڵام مەحاڵ نییە".
ئەلزەیدی لە وتارێکدا لە کاتی مەراسیمی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیران و راستەوخۆ لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند "نیشتمان ئەمانەتێکی گەورە و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خستە سەر شانم، و ئەنجومەنی نوێنەران لە ساتێکی هەستیاری مێژووی عێراقدا متمانەی بە حکومەتەکەمان بەخشی"، وتیشی " ئەمە داوامان لێدەکات بە جددی کار بکەین لەپێناو ئێستا و داهاتووی عێراقییەکاندا".
سەرۆک وەزیران لە وتەکەیدا، سوپاسی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ پێدانی ئەم متمانە نیشتمانییە و، وتی" پێدانی متمانە بە ئێمە پەیمان و پابەندییەکە لەبەردەم خوا و گەل و مێژوودا"، هەروەها وتیشی "سوپاسی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سیاسییەکان دەکەم بۆ سەرخستنی ڕێڕەوی پێکهێنانی حکومەت".
ئاماژەی بەوەش کرد " قۆناغی داهاتوو دەبێت قۆناغی هاوبەشیی ڕاستەقینە و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بێت" و، ڕوونیکردەوە "بەڵێن بە عێراقییەکان دەدەین بە کارکردنی دڵسۆزانە و ئیرادەی ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی ئالنگارییەکان ببینەوە".
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی "عێراق بۆ ماوەیەکی درێژ بەدەست ئالنگاری و قەیرانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانەوە ناڵاندوویەتی سەرەڕای ئەوەی خاوەن سامانێکی زۆرە و حکومەتەکەمان لە پێشینەی کارەکانیدا دەستپێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازیی ئابووری و دارایی گشتگیر دادەنێت"، وتیشی: "بەرنامەکەمان ئامانجی بنیاتنانی ئابوورییەکی نیشتمانی بەهێز و هەمەجۆر و بەردەوامە و، کار دەکەین بۆ ئابوورییەک کە پشت تەنها بە یەک سەرچاوە نەبەستێت، بەڵکو کار دەکات بۆ چالاککردنی کەرتەکانی تریش".
دووپاتی کردەوە کە "کار دەکەین بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانییەوە"، جەختیشی کردەوە کە "گەندەڵی تەنها کێشەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو بووەتە ڕێگر لەبەردەم گەشەپێدان و دواخستنی ڕەوتی دەوڵەت".
ئاماژەی بەوەش کرد "دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و کەمکردنەوەی بێکاری لە پێشینەی گرنگییەکانی حکومەتدایە لە ڕێگەی دەستپێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنان و گەشەپێدان، و کار دەکەین بۆ هاندانی وەبەرهێنان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت تاوەکو ببێتە هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی ئابووری نیشتمانیدا، هەروەها دابینکردنی ژینگەیەکی دادپەروەر و دابەشکردنی یەکسانی دەرفەتەکان لە نێوان ڕۆڵەکانی عێراقدا دوور لە جیاکاری و خزمخزمێنە"، وتیشی: "بە شێوەیەکی ناوازە پاڵپشتی کەرتی پەروەردە دەکەین لە ڕێگەی پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان".
باسی لەوەش کرد کە پاڵپشتی خێزانی پەروەردە دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوە ئەکادیمی و زانستییەکان و بە پلانە کردەییەکان بەردەوام دەبن بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و، کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییەکان و دابینکردنی دەرمان لە هەموو شار و گوندەکاندا. زەیدی وتیشی "دۆسیەی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانەکان چیتر بە بارمتەی بەڵێنە دواخراوەکان نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە مەیدانی کاری ڕاستەقینە".
درێژەی پێدا و وتی "پڕۆژەی ستراتیژی لە هەموو بوارە خزمەتگوزاری و ژێرخانەکاندا دادەنێین و حکومەت دەبێتە دەوڵەتی دامەزراوە و یاسا و گوێ لە دەنگی هاووڵاتی دەگرێت و کار دەکەین بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەری عێراق".
ڕوونیشی کردەوە "کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانمان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و، عێراق شایستەی ئەوەیە ئەمڕۆ هەڵبستێتەوە و ڕۆڵەکانی بە کەرامەتەوە بژین"، سوپاسی قووڵی خۆی دەربڕی بۆ "هەڵوێستی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و ڕۆڵە حەکیمەکەی لە پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتیدا، و نرخاندنی خۆی بۆ هەموو دامەزراوە ئایینی و نیشتمانییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق دەربڕی".
لە کۆتاییدا وتی: ڕێگەی چاکسازی ڕەنگە سەخت بێت بەڵام مەحاڵ نییە، و لە نێوان ئێوە و لەگەڵتان دەبین و کار دەکەین بۆ هەر ماڵێکی عێراقی و بۆ هەر گەنجێک کە بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێت".