زەیدی داوا لە وەزیرەکانی کابینەکەی دەکات سەروەت و سامانیان ئاشکرا بکەن


لەیەکەم کۆبوونەوەی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ، سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی فالح زەیدی عەلی زەیدی لە یەکەم کۆبوونەوەی کابینەکەیدا بڕیاریدا سەرجەم وەزیرەکان سەروەت و سامانی داراییان لە ماوەی یەک مانگدا ئاشکرا بکەن.

لەو کۆبوونەیەدا کە رۆژی شەممە ١٦ ی ئایار سازکرا، عەلی زیدی ژمارەیەک بڕیارو  ڕێنمایی ئاراستەی وەزیران کرد کە وەک نەخشەڕێگایەک کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت، ئامانج و ئەولەوییەتەکانی حکومەت و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ئابووری، و پەرەپێدانی کارایی دامەزراوەکان.

لە بواری ئابوریدا سەرۆک وەزیران ڕێنماییدا بە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی گشتگیر بۆ وڵات و دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی. ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێویستە وەزارەتی نەوت تەنیا وەزارەتێک نەبێت بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو، بەڵکو ببێتە وەزارەتێک بۆ خوڵقاندنی بەهای زیادکراو بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و پەرەپێدانی کەرتی نەوت.

لە بارەی پەیوەندییەکانی عێراقەوە، زەیدی  وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی خێرا سەبارەت بە دۆسییەکانی کاراکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.

لە بواری کارەبادا کە عێراق کێشەی گەورەی هەیە، سەرۆک وەزیران جەختی لە وەزارەتی کارەبا کردەوە بۆ ئامادەکردنی دوو پلانی کار؛ کە یەکێکیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ کێشەی کارەبا لە هاوینی ئەمساڵدا و، پلانەکەی دیکەش، پلانێکی درێژخایەن بێت بۆ پەرەپێدان و چاکسازی لە تۆڕی کارەبای نیشتمانیدا.

 لە هەمان کاتدا وەزارەتی تەندروستی ڕاسپارد بۆ کاراکردنی یاسای پشتیوانیی زانیاریی تەندروستی.

لە بارەی کارکردن لەگەڵ پەرلەماندا، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە، ئاسانکاری بکرێت بۆ لیژنە پەرلەمانییەکان بۆ چاودێریکردنی کارەکان و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ پارێزگارەکان بکرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە بڵاوکراوەتەوە ڕاگەیاندراوە، لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردراوە بە "هەماهەنگی و ئاسانکاریکردن بۆ لێکۆڵینەوەکانی دەستەی نەزاهە و کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران و دوورکەوتنەوە لە ڕۆتین و کارکردن بە دەستوور و یاسا بەرکارەکان و پاراستنی نهێنیی دەوڵەت".

سەبارەت بە کەرتی گەیاندن و گواستنەوە، زەیدی ڕێنماییدا بە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵیی گشتگیر و حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی.




PM:06:57:16/05/2026