یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە کرد بەبۆنەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و متمانەوەرگرتنی لە پەرلەمان، هاوکات پیرۆزبایی دووبارە دەستنیشانکردنەوەی وەزیری دەرەوەی عێراقی کرد.
ڕۆژی شەممە (١٦ی ئایاری ٢٠٢٦)، کایا کالاس، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ خۆی و کابینەکەی خواست لە بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراقدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا پیرۆزبایی تایبەتیش ئاراستەی فوئاد حوسێن کراوە بەبۆنەی مانەوەی لە پۆستەکە ئیدارییەکەیدا وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، و جەخت لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵیدا کراوەتەوە.
یەکێتی ئەوروپا عێراقی وەک "هاوبەشێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا" وەسف کرد و جارێکی دیکە پشتگیریی بەردەوامی خۆی بۆ یەکپارچەیی، سەروەری و سەقامگیریی خاکەکەی دووپات کردەوە، ئامادەیی تەواوی خۆشی نیشاندا بۆ کارکردن و هاوکاریی نزیک لەگەڵ حکومەتی نوێ بە ئامانجی دابینکردنی داهاتوویەکی پڕ لە ئاشتی و گەشەسەندن بۆ سەرجەم پێکهاتەکان.
ئەم پەیامە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە هەر ئەمڕۆ شەممە، عەلی زەیدی لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستبەکار بوو، دوای ئەوەی لە ١٤ی ئەم مانگەدا کارنامەی وەزارییەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا و متمانە بە ١٤ وەزیری کابینەکەی بەخشرا.