حیزبی دەعوە: هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژی متمانەبەخشین بە حکومەت دەکەین

حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، ڕایگەیاند'' بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ناکۆکی و ڕیزبەندییە سیاسییانە دەکەن کە لە کاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەبەخشین بە کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەیدی ڕوویاندا.''

حیزبەکە جەختی کردەوە کە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە و گونجاو وەردەگرن کە لەگەڵ مێژوو، قورسایی سیاسی و سیمبولی سەرکردایەتییەکەیاندا بگونجێت و گوزارشت لە خواستی لایەنگران و شەقامی عێراقی بکات.

ئەم بەدواداچوونەی حیزبی دەعوە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی پێنجشەممە (١٤ی ئایاری ٢٠٢٦)، لە کۆی ٢٣ وەزارەتی کابینەکەی زەیدی، تەنیا ١٤ وەزیر توانییان متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

لەو دانیشتنەدا کە کێشمەکێشێکی زۆری بەخۆوە بینی، دەنگدان لەسەر ٩ وەزارەتی دیکە دواخرا کە وەزارەتە سیادییەکانی وەک بەرگری و ناوخۆشیان تێدابوو.

ئەم شێوازی تێپەڕاندنە نیوەچڵەی کابینەکە، ناکۆکییەکی قووڵ و تۆمەتبارکردنی یەکتری لە نێوان کوتلە جیاوازەکاندا دروستکردووە، بە جۆرێک کە هەندێک لایەن باس لە هەبوونی "ئامانجگرتنی سیاسی" بەرامبەر بەربژێرەکانیان دەکەن، ئەمەش وایکردووە حیزبی دەعوە بە فەرمی بێتە سەر هێڵ بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا.



AM:12:06:17/05/2026