وەزارەتی دەرەوەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی (ئیمارات)، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە نوێیەی کرد کە وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە"ی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا کردە ئامانج، و بە فەرمی ڕایگەیاند کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون.
ئیمارات دەلێت" پێویستە حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی خێرا و بەبێ هیچ کۆت و بەندێک، پابەند بێت بە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەی بۆ هەر جۆرە کردەوەیەکی دوژمنکاری و تێکدەرانە دژی وڵاتانی ناوچەکە."
هێرشکردنە سەر وێستگەی ئەتۆمیی بەراکە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازیی بەرفراوان لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران گەیشتبووە لووتکە، پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی هێرشەکان ڕابگرێت و چانسێکی دیکە بداتە پرۆسەی دانوستان.
ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو'' لەسەر داوا و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو (لەنێویشیاندا ئیمارات) بڕیاری دواخستنی هێرشەکەی داوە.'' چونکە سەرکردەکان دڵنیاییان داوەتێ کە گۆڕانکاری و بەرهەمی ئەرێنی لە گفتوگۆکاندا لە ئارادایە، بەڵام ئەم هێرشە درۆنییەی هاوشێوەیەی سەر ئیمارات دەری دەخات کە گرووپە چەکدارەکان دەیانەوێت هاوکێشەی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر ببەن.