ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی دوو گەنجی عێراقی لە سێدارە داوە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند لە مانگی نیساندا، دو هاوڵاتی عەرەب و خەڵکی عێراق بە ناوەکانی عەلی نادر عوبێدی و فازڵ شێخ کەریم بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ یەکێک لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج لەسێدارە دراون.

بەپێی هەواڵەکە، عەلی نادر عوبێدی (٢٧ ساڵ) و فازڵ شێخ کەریم (٢٩ ساڵ)، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی «سیخوڕی» حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، و حوکمەکەیان بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦ی نیسان لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت ئەم دوو کەسە «بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی یەکێک لە وڵاتانی عەرەبی» لە کەرەج دەستبەسەرکرابوون.

بەپێی ئاماری ئەم ڕێکخراوە، لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەشت کەس بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران لەسێدارەدراون.

گروپەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێن، ئێران لەسەر ئاستی جیهاندا خاوەنی بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانە بەپێی ژمارەی دانیشتوانی؛ و لە دوای چینەوە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە نێوان وڵاتاندا بۆ خۆی تەرخان کردووە.




PM:04:22:21/05/2026