فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ منداڵێکی ٤ ساڵ دەردەچێت

‌وێنەی منداڵە ٤ ساڵەکە

منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵ بە تۆمەتی "هەڕەشەکردن" لە لایەن دادوەرەوە لە پارێزگای دیالە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرەدەچێت، بەڵام دواتر کە دەزاندرێت منداڵە، دواتر دادوەر تێگەیشتوە "باوکی" منداڵەکە سکاڵای لێکراوە.

پێنج شەممە، ٢١ ئایار ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە، عەمید هەیسەم شمەری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "دادوەری لێکۆڵینەوە وای زانیوە کە (کەڕاڕی تەمەن چوار ساڵان) ئەو کەسەیە کە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و لە بڕیاری بانگهێشتکردن بۆ بەردەم دادوەر ناوی هاتووە، لەکاتێکدا سکاڵالێکراوەکە باوکی کەڕاڕە و ناوی (فەهد سوبحی)یە".

عەمید هەیسەم وتوشیەتی "ئەو پرسە پەیوەندیدار نییە بە پۆلیسەوە کە لایەنی جێبەجێکردنە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە دادوەر و دادگەوە کە فەرمانەکەی دەرکردووە و پۆلیس لایەنی جێبەجێکارە و دوای ئەوەی فەرمانەکە بۆ پۆلیس هاتووە زانیویانە کە ئەو کەسە منداڵێکی چوار ساڵانە".

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی دیالە، دوای ئەوەی زانراوە کە ئەو کەسەی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بۆ دەرچووە کەڕاڕی تەمەن چوار ساڵانە، سکاڵاکارەکە گوتەکانی خۆی لە ناوەڕۆکی سکاڵاکە گۆڕیوە بەوەی مەبەستی باوکی کەڕاڕ بووە و ئەو هەڕەشەی لێکردووە نەک منداڵەکە و ئەو پرسەش بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان راست کراوەتەوە.

 فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەگوێرەی مادەی ٤٣٢ی یاسای سزاکانی عێراقی بووە کە تایبەتە بە هەڕەشەکردنی زارەکی و سزاکەی دەگاتە ساڵێک بەندکردن و پێبژاردن.




PM:08:49:21/05/2026