سەرۆک وەزیرانی عێراق: لیژنەی باڵامان پێکهێناوە بۆ راستیەکانی پشت هێرشەکان

‌عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئەو هێرشانەی "لە خاکی عێراقەوە" دەکرێتە سەر سعودیە و ئیمارات دەڵێت " لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، رێنمایمان داوە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە مەبەستی ئاشکراکردنی وردەکاریی و ڕاستییەکانی پشت ئەو هێرشانە".

پێنج شەممە، ٢١ ئایار ٢٠٢٦، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند "جارێکی دیکە سەرکۆنەی ئەو کارە تاوانکارییانە دەکەین کە کرانە سەر هەردوو وڵاتی سعوودیە و ئیمارات، جەخت لەسەر گرنگیی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکەینەوە و پێویستە لێکۆڵینەوەکەمان بە هاوبەشی بێت لەگەڵ  سعودیە و ئیمارات، بۆ ئەوەی ئاگاداری هەموو بەڵگەکان بین و بزانین ئایا خاکی عێراق لەو هێرشانەدا بەکارهاتووە یان نا".

عەلێ زەیدی وتوشیەتی "ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە تاوەکو تەواوی رێکارە ئەمنی و یاساییەکان بەرامبەر تێوەگلاوان بگرینە بەر، بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە خاک و ئاسمانی عێراق بکرێتە شوێنی هێرشکردنە سەر وڵاتانی برا و دۆست".

لە چەند رۆژی رابردوودا بە درۆن هێرش کرایە سەر سعودیە و ئیمارات، دواتر بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە رایانگەیاندبوو، کە درۆنەکان لە عێراقەوە ئاراستەی وڵاتەکانیان کراون.




PM:09:57:21/05/2026