ڕۆژنامەیەکی عەرەبی پلانی واشنتۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی ئاشکرا دەکات

ڕۆژنامەی "الشرق اڵاوسط" لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای عێراقەوە پلانێکی نهێنی و قۆناغبەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ کۆتایهێنان بە ڕۆڵی سەربازیی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق ئاشکرا کرد، کە هاوکات کاردانەوەی توندی تارانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئەم پلانە لەلایەن بەرپرسانی بەشداربوو لە گفتوگۆ تەکنیکی و سیاسییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن درز بە دەرەوەی خۆیدا داوە، و جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش بە سێ قۆناغی سەرەکیدا تێدەپەڕێت، قۆناغی یەکەم داماڵینی تەواوی چەکە قورسەکان لەژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان. قۆناغی دووەم، دوورخستنەوەی سەرکردە دیار و باڵاکانی ئێستای حەشد لە پێگەکانیان، قۆناغی سێیەم دامەزراندنی ئەفسەرانی پیشەیی و بێلایەن بۆ سەرپەرشتیکردنی ژێرخانی ئیداری و سەربازیی دەستەکە.

هاوکات ئاشکرابوونی ئەم پلانە گرێدراوە بە سەردانە پێنج ڕۆژییەکەی جەنەراڵی خانەنشینکراوی ئەمریکی و فەرماندەی پێشووی هێزەکانی هاوپەیمانان، دیڤید پێترایۆس بۆ بەغدا. پێترایۆس لەم گەشتەیدا وەک "شارەزایەکی سەربەخۆ" کار لەسەر داڕشتنی میکانیزمی جێبەجێکردنی داماڵینی چەک لە عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەتەوە، کە تێیدا چارەنووسی حەشدی شەعبی تەوەری سەرەکی و گەرمی گفتوگۆکانی بووە.

لە بەرامبەر ئەم جووڵەیەی ئەمریکادا، کۆماری ئیسلامی ئێران بە خێرایی هاتووەتە سەر خەت و داوای لە سەرجەم گرووپە هاوپەیمانەکانی لە بەغدا کردووە کە بە توندی دژی ئەم پلانە بوەستنەوە؛ تاران حەشدی شەعبی وەک گەورەترین هێزی سەربازیی ستراتیژی دەبینێت کە گەرەنتی مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەکات لە ناوچەکەدا.



AM:10:20:22/05/2026