عێراق.. ئامادەکاری بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ٢٠٢٧ دەکرێت


راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی ئامادەکارییەکان دەکات بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ٢٠٢٧.

شەممە، ٢٣ ئایار ٢٠٢٦، مەزهەر محەمەد ساڵح رایگەیاند "ئێستا دۆخێکی تایبەت و جەنگ هەیە و رەنگە بەم شێوەیە بەردەوام بێت. هیوادارم جەنگ کۆتایی بێت بۆ ئەوەی پشت بە خەمڵاندنێکی واقیعیی دارایی ببەسترێت و بودجەیەک لەسەر راستیی دارایی دابنرێت". 

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وتوشیەتی "پێشبینیکردن بۆ قەبارەی بودجە و کورتهێنان قورسە، مەگەر دڵنیا بینەوە هەناردەی نەوت دەگەڕێتەوە دۆخی سروشتیی خۆی، چونکە هەناردەی نەوت بە تەواوی کەم بووەتەوە. بەپێی دەستوور و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، پڕۆژەیاسای بودجە دەنێردرێت بۆ پەرلەمان".

"ئێستا بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی پلان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ دادەنرێت، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٦ رەنگە وڵات بە بودجەیەک یان یاسا داراییەکان بەردەوام بێت"، راوێژکاری سەرۆک وەزیران وا دەڵێت.

بەگوێرەی مادەی ١١ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دەکات و پێش ١٥ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک پێشکەشی پەرلەمانی دەکات.

بەر لە  ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ و دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەناردەی نەوتی عێراق مانگانە لە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن بەرمیل بوو، بەڵام بەهۆی جەنگەکەوە و لە ئێستادا  کەمترە لە ١٠ ملیۆن بەرمیل.عێراق بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکانی، پشت بە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی دەبەستێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بودجەی گشتیی عێراق زیاتر لە ٪٩٠  پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و تەنیا ٪١٠ ی داهاتی نانەوتییە.




PM:02:03:23/05/2026