ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت'' وتەکانی باڵیۆز لەبارەی ڕادەستکردنی دەسەڵات بە شیعەکان، تووڕە و دڵتەنگی کردووە.''
موقتەدا سەدر لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) ئاماژەی بەوە کردووە، بانگەشەی باڵیۆزی بەریتانیا بەوەی کە ئەوان دەسەڵاتیان لە عێراق ڕادەستی شیعە کردووە، سووکایەتییە و دەڵێت، ئەگەر کەمینەیەک لە شیعە لەژێر دەستی ئەواندا بووبێت، ڕەوتەکەی ئەو بەشێک نییە و نابێت لەوان، نە لەم دنیا و نە لەو دنیا
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامەکەیدا پرسیار ئاراستەی باڵیۆزی بەریتانیا دەکات و دەڵێت'' کێ دیکتاتۆری هێنایە سەر دەسەڵات لە عێراق؟ (مەبەستی سەدام حوسێنە) و خۆی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت، بەڵێ ئێوە هێناتان.''.
سەدر باسی لەوەش کردووە کە ئەگەر خەبات و قوربانییەکانی ڕەوتەکەی لە ناوخۆی عێراقدا نەبووایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیدەزانی کە ڕژێمی پێشوو لەلایەن گەلەوە ڕەتکراوەتەوە، لە کاتێکدا هەندێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات لەسەر بوونی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە دەژیان و گەورە دەبوون
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، موقتەدا سەدر بەریتانیا بە داڵدەدانی بەعسییەکان و دوژمنانی ئایین و نیشتمان تۆمەتبار دەکات و داوایان لێدەکات لە زووترین کاتدا هەموو ئەو تۆمەتبارانە ڕادەستی دادگاکانی عێراق بکەنەوە.
ئەم هێرشە توندەی موقتەدا سەدر دوای چاوپێکەوتنێکی میدیایی عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دێت، کە تێیدا باسی لە ڕادەستکردنی دەسەڵاتی عێراق بە شیعەکان، دەستوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکە و هەڵوێستی لەندەن بەرامبەر بە گرووپە چەکدارەکان کردبوو.