عەلی زەیدی: پێویستە دەوڵەت بەتەنیا خاوەنی هێز بێت


سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی لە کاتی پێشوازیکردن لە چەند سەرۆک هۆزێك بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە وتویەتی "حکومەتەکەی دەیەوێت دەوڵەت تاکە لایەنی قۆرخکاری چەک بێت و رێگا نادەن چەک بڵاوبێتەوە".

پێنج شەممە، ٢٨ ئایار ٢٠٢٦، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند "دەبێت دەوڵەت بەتەنیا خاوەن هێز بێت و ئەوە بڕیارە نەک بژاردە، دەبێت رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەک بکرێت و لە تەقەی هەڕەمەکی و کێشەی خێڵەکیدا بەکارنەهێنرێت".

عەلی فالح زەیدی دەشڵێت "بەردەوام دەبین لەو پڕۆژەیەی کە مەرجەعیەتی باڵا داوای کردووە بەوەی کە چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت".

"رێگا نادەین هیچ تەنگ پێهەڵچنینێک یان رێگرییەک لە کاری کۆمپانیا بیانییەکان لە عێراق دروست بێت و کار لەسەر ناسنامەی ئابووری عێراق دەکەین بۆ دەرچوون لە عەقڵییەتی سۆسیالیستی، ئەوەش لە رێگەی راکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە عێراقدا بکەن"، سەرۆک وەزیرانی عێراق وا دەڵێت.

لە کارنامەی حکومەتەکەیدا کە لە ١٤ی ئایار لە پەرلەمان پەسەند کرا، عەلی فالح زەیدی جەخت لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت دەکاتەوە.




PM:08:26:28/05/2026