''جیاوازیی نێوان کەمترین و زۆرترین مووچە لە عێراقدا %٣٠٠٠ـە''

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی ناوداری عێراقی، ڕەخنەی توند لە سیستەمی دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەگرێت و ئاشکرای دەکات کە جیاوازیی نێوان کەمترین و بەرزترین مووچەی فەرمانبەران گەیشتووەتە %٣٠٠٠، جەختیش دەکاتەوە کە هەموارکردنەوەی ئەم سیستەمە پێویستییەکی حەتمییە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

مەرسومی لە نووسینێکدا لەژێر ناونیشانی "سیستەمی نوێی مووچە، پێویستییە یان خۆشگوزەرانی؟"، بە داتاوە جیاوازیی نێوان کەمترین و زۆرترین مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی لە عێراق خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە کە کەمترین مووچەی فەرمانبەران ٣٠٠ هەزار دینارە لە مانگێکدا، لە کاتێکدا بەرزترین مووچەی فەرمانبەران دەگاتە ٩ ملیۆن دینار، ئەمەش جیاوازییەکی گەورە بە ڕێژەی %٣٠٠٠ لە نێوانیاندا دروست دەکات، کە بێگومان ئەم بۆشاییە زیاتریش دەبێت ئەگەر دەرماڵە و ئیمتیازاتی تایبەتی هەندێک وەزارەتی بۆ زیاد بکرێت.

سەبارەت بە مووچەی خانەنشینانیش، ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوە کردووە کە کەمترین مووچەی خانەنشینی ٥٠٠ هەزار دینارە و بەرزترین مووچەش ٤ ملیۆن دینارە لە مانگێکدا، کە ئەمەش نیشاندەری جیاوازییەکی %٨٠٠ـی نێوانیانە.

بەبڕوای ئەم شارەزایە، ئەم ژمارانە بەڵگەی ڕوونن لەسەر خراپیی دابەشکردنی داهات و لاوازیی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئەمەش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، لێکترازانی شیرازەی کۆمەڵایەتی، دروستبوونی ڕق و کینە لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگە و ڕەخساندنی ژینگەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی.

نەبیل مەرسومی لە کۆتاییدا جەختی کردووەتەوە کە چارەسەرکردنی ئەم بۆشاییە گەورەیە لە ڕێگەی ڕێکخستنی سیستەمێکی نوێ و یەکگرتووی مووچەوە، گرنگییەکی ئێجگار گەورەی هەیە، ئەم هەنگاوەش نەک تەنها دادپەروەری لە نێوان فەرمانبەراندا بەدی دێنێت، بەڵکو خەرجییە گشتییەکانی دەوڵەتیش کەمدەکاتەوە، بە مەرجێک لە سیستەمە نوێیەکەدا سروشتی مەترسییەکانی پیشەکان، جۆری کارامەیی و جیاوازیی ئەرکەکان بە تەواوی ڕەچاو بکرێت.



PM:03:00:29/05/2026