حیزبوڵای عێراق: چەک دانانێین و چەکی ئەوانیتریش دەکڕین

‌ئەرشیف

بەرپرسی ئەمنیی حیزبوڵای عێراق، ئەبو موجاهید عەساف راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و رەتیدەکاتەوە چەک دابنێن و جەخت لە بەردەوام بوونی "جیهاد" دەکەنەوە.

شەممە، ٣٠ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لەم قۆناغەدا جیهاد ئەرکێکی ئایینییە، لەبری ئەو لایەنانەی بڕیاریان داوە چەک دابنێن، ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی جیهاد و پاراستنی ئەو ڕێچکەیە".

بەرپرسی ئەمنیی حیزبوڵای عێراق وتیشی"داوا لە پەرلەمانتارانی عێراق دەکەین، هەردوو باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیا لە وڵاتەکەدا جڵەو بکەن و ڕێگرییان لێبکەن لەوەی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا بکەن، کارێکی قبوڵنەکراوە بەرپرسانی سیاسی ببنە ئامرازێک بۆ ڕەتکردنەوە و سەرکۆنەکردنی ئەو ڕووداوانەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن، تەنیا لەبەر ئەوەی دوژمنان ئاماژە بەوە دەدەن کە سەرچاوەی هەڕەشەکان عێراقە".

"کاتێک هێرشکرایە سەر ناوچەکانی زوبێر و شەلامچە لە عێراق کە ڕاستەوخۆ لەلایەن کوەیتەوە بۆردومان کران، هەروەها لە کاتی دەستدرێژییەکانی سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و گۆڕینی ئوردن بۆ بنکەیەکی پێشکەوتووی ئیسرائیل بۆ پێشێلکردنی سەروەری عێراق، ئەو لایەنە سیاسییانە هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە، جۆرێک لە هەڵوێستی نیشتمانیتان هەبێت و دوای ئەو کەسانە نەکەون کە تەنیا خەریکی هاوارکردن و دروستکردنی ژاوەژاون"، ئەبو موجاهید عەساف وا دەڵێت.

ئەو بەرپرسەی حیزبوڵا ئامادەیی گرووپەکەی پیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی چەکدانانی ئەو گرووپانەی دەیانەوێت چەک دابنێن، لەوانە سەرپەرشتیکردنی ژماردنی چەکەکان و گواستنەوەیان بە شێوازێکی پارێزراو. هەروەها حیزبوڵا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ کڕینەوەی ئەو چەکانەی کە دەوڵەت کەسانی تایبەتمەندی نییە بۆ بەکارهێنانیان، وەک (درۆن، درۆنی خۆکوژی، مووشەکی گەڕۆک، و دژەتانک) و ئامادەن بەها داراییەکەیان پێ بدەن. 





PM:06:50:30/05/2026