دۆناڵد ترەمپ: تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتیە بۆ هەریەکە لە وڵاتانی عێراق و سوریا

‌تۆم باراک

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە پۆستی نوێی تۆم بەڕاک.

یەک شەممە، ٣١ ئایار ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "تۆم بەڕاک کە ئێستا باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، ئەرکی نوێی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق و سوریا پێسپێردراوە؛ وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ هەریەکە لە وڵاتانی عێراق و سوریا دیاریی کراوە".

سەرۆکی ئەمریکا وتوشیەتی "پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و سوریا لە گەشەکردنی بەردەوامدایە و هاوکارییە ستراتیژییەکان بەرەو قۆناغێکی نوێ دەچن".

ترەمپ لە پەیامەکەیدا ستایشی کارەکانی تۆمی بەڕاکی کردوە و نوسیویەتی "تۆم کارێکی نایابی ئەنجامداوە و ئێمە زۆر سوپاسی بەردەوامیی ئەو دەکەین بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەمان".

بەپێی بڕیارەکەی ترەمپ، تۆم بەڕاک لە پۆستەکەی وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنکەرە دەمێنێتەوە، بەڵام هاوکات بە پاڵپشتی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، سەرپەرشتی دۆسیە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا دەکات.

لە  تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی؛ مارک ساڤایای وەک نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دوای تێپەربوونی چەند مانگێک ساڤایا بەبێ بڵاو کردنەوەی هیچ روونکردنەوەی لە پۆستەکەی نەما.




PM:06:10:31/05/2026